بۆ یەکەمجار کورتە فیلمێکی کوردی لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەرلین نمایش دەکرێت

189 جار خوێندراوەتەوە کات08:42 بەروار22-01-2020
بۆ یەکەمجار کورتە فیلمێکی کوردی لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەرلین نمایش دەکرێت

کورتە فیلمی کوردی ( کۆلارەکان _ باد بادک ها) كه‌ ماوه‌كه‌ی‌ 14 خوله‌كه‌ و لەلایەن دەرهێنەری بەتوانای کورد سەید پەیام حسێنی نوسراوەو بەرهەم هێنراوە بۆ یه‌كه‌مجار له‌  فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەرلین نمایش دەکرێت.

کۆلارەکان، وەک یەکەمین فیلمی کوردی توانیویەتی بگاتە ئەو فیستڤاڵە کە ماوەی حەفتا ساڵە لە بەرلین بەردەوامە و لە ساڵی ١٩٥١ یەکەم فیستڤاڵی خۆی ئەنجامداوە، و هەروەها بە سێهەم گەورەترین فیستڤاڵی فیلم دادەنرێت لە دوای فیستڤاڵەکانی ( کان و ڤێنیز ) و ساڵانە بۆ ماوەی دە رۆژ بەردەوام دەبێت.

سوهەیب شێخ ئەحمەد بەڕیوەبەری راگەیاندنی پەریا فیلم بۆ ڕاچڵه‌كین ئاشكرای كردوه‌ کورتە فیلمی کۆلارەکان لە لایەن کۆمپانیای پەریا فیلم بەرهەمهێنراوەو زۆرینەی بەرهەمەکانیشی بەشداری پێشبڕکێ و فیستیڤاڵە نێودەڵەتیەکانی کردووەو چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە.

ئێستاش بەفەڕمی بانگهێشتنامە ئاراستەی دەرهێنەرو نوسەری فیلمەکە و بەڕێوەبەرانی پەریا فیلم کراوە بۆ ئەوەی بەشداری فیستڤاڵی فیلمی حەفتای بەرلین بکەن.

ماوەیەک پێش ئێستاش درامای کوردی زارا کە ٢٥ ئەڵقەی ٣٥ خولەکیە لەلایەن کۆمپانیای پەریا فیلم بەرهەمهێنراو چاوەڕێ دەکرێت لە یەکێک لە کەناڵەکانی کوردستان پەخش بکرێت.