راگەیاندراوێك لەدژی مەلا هەڵۆ بڵاودەكرێتەوە

398 جار خوێندراوەتەوە کات07:10 بەروار23-01-2020
راگەیاندراوێك لەدژی مەلا هەڵۆ بڵاودەكرێتەوە

راچڵەكین

ژمارەیەك رۆشنبیرو نوسەرو هونەرمەند، لەسەر قسەكانی مەلا هەڵۆ، راگەیاندراوێك دەكەنەوەو تیایدا دەڵێن "ئەوەی مەلا هەڵۆ كردویەتی و دەیكات، لەو جۆرە بێ ئەدەبیی و سوكایەتیكردنانەیە كە بە هیچ شێوەیەك ناچێتە قاڵبی ئازادیی ڕادەربڕین و چوارچێوەی مافی ئازادیی ویژدان و بیركردنەوەوەن بەڵكو دەچێتە قاڵبی كەسایەتی شكاندن و ئابڕوبردنی سەدان هەزار، ئەگەر نەڵێین چەند ملیۆن مرۆڤی كۆمەڵگای ئێمەوە."

 لەو راگەیاندراوە، كە وێنەیەكی بۆ راچڵەكین نێردراوە،ئەو رۆشنبیر و نوسەرو هونەرمەندانە رایدەگەیەنن، ئەوەی ئێمە داوای دەكەین زیادكردن و گەورەكردنی ڕووبەری سانسۆر نییە لە كۆمەڵگاكەدا، هەروەها دروستكردنی دۆخێكیش نییە بۆ گەشەكردنی سانسۆری ناوەكیی و خودیی، ئەوەی ئێمە بەرگریی لێدەكەین ڕێگرتنە لەو ئیهانە گەورانەی كەسانێكی بێئەدەب، لەپاڵ تێگەیشتنێكی خراپ و ترسناكدا بۆ دین، ئەنجامی دەدەن و بەمەش ڕێ لە سادەترین فۆرمەكانی ڕاگۆڕكێ و گفتوگۆ و هاریكاریی كۆمەڵایەتی دەگرن."

دەقی راگەیاندراوەكە :

بێئەدەبی ئازادی نییە!

ڕووبەری گشتیی ھەر كۆمەڵگایەك پڕیەتی لە ڕا و بۆچون و دیدی جیاواز، پڕیەتی لە زمان و شێوازی دەربڕین و نووسینی جیاواز، ئەمانە ھەندێكیان بەیەكتری نزیكن و ھەندێكیشیان دژ و پێچەوانەی یەكترین. ئەوەی دەبێت بپارێزرێت و بەرگریی لێبكرێت بوونی ئەم گشتە جیاواز و پلورالەیە. ھەموو ھەوڵدانێك بۆ بەیەكڕەنگكردن و سڕینەوەی فۆرمە جیاوازەكانی ڕا و بۆچوونی جیاواز و سڕینەوەی شێوازەكانی خۆدەربڕین و نووسین و دەركەوتن لە ڕووبەری گشتیدا، مەترسیدارترە لە بوونی ئەو ناكۆكیی و جیاوازیانەی كە ھەن و لە بوونی ئەو ڕایانەدا كە بەیەكدادەدەن.

ئێمە بەرگرییەكی سەرسەخت لەم پلورالبوونەی بوونی ڕا و بۆچوون و بیركردنەوەی جیاواز لە كۆمەڵگادا دەكەین، تا ئەو شوێنەش دەڕۆین كە نابێت كەسانی خاوەن ڕا و بۆچوونی جیاواز ناچاربكرێن خۆیان بكەونە سانسۆركردنی خۆیان و خۆیان سنوور لەسەر ئازادیی بیركردنەوە و ڕادەربڕینی خۆیان دابنێنن.

بەڵام بەدیوی ئەودیودا بەرگریش لەو ڕوانینە دەكەین كە ئەم پێكدادانی بۆچون و ڕایانە نابێت بگاتە ئاستی جنێودان و ئیھانەكردن و بەدناوكردن، یان ئاستی شكاندنی كەسایەتیی ئەوانیتر، ناشبێت بگاتە ئاستی بێئەدەبییكردن و برینداركردن. ئێمە پێمان وایە مافی ڕادەربڕین یەكسان نییە بە مافی ئیھانەكردن و جنێودان و شكاندن و بەدناوكردن.

ئەوەی مەلا ھەڵۆ كردویەتیی و دەیكات لەو جۆرە بێئەدەبیی و سوكایەتیكردنانەیە كە بە ھیچ شێوەیەك ناچێتە قاڵبی ئازادیی ڕادەربڕینەوە، ناچێتە چوارچێوەی مافی ئازادیی ویژدان و بیركردنەوەوە، بەپێچەوانەوە ئەوەی ئەو دەیڵێت بێئەدەبیكردن و ئیھانەكردنێكی گەورەی بەشێكی زۆری ئەندامانی كۆمەڵگای ئێمەیە. ئەچێتە قاڵبی كەسایەتی شكاندن و ئابڕوبردنی سەدان ھەزار، ئەگەر نەڵێین چەند ملیۆن، مرۆڤی كۆمەڵگای ئێمەوە، كە بڕێكی زۆر لەو موسڵمانانەش دەگرێتەوە كە سەر بەو ئاڕاستە سەلەفییە ترسناكە نین كە مەلا ھەڵۆ و ھاوڕێكانی نوێنەرایەتی دەكەن. ئەوەی كەسێك ملیۆنان مرۆڤی دونیای ئێمە بە گەواد ناوبنێت، سەدان ھەزار باوك و ھاوسەر و برا بۆ ئاستی گەوادیكردن بە ھاوسەر و خوشك و كچ و دایكیانەوە دابەزاندبێت، لە دەرەوەی ھەر سنوورێكی قبووڵكردن و لێبوردندایە. لەسەرێكی دیكەوە ئەمەی مەلا ھەڵۆ دەیڵێت تەنھا ڕایەكی شەخسیی نییە، بەڵكو بەشێكە لە ئاراستەیەكی دینیی سەلەفیی و بەشێكە لە ئایدیۆلۆژیا و پرۆژەیەكی سیاسیی كە زۆرینەی كۆمەڵگای ئێمە وەك كافر و مونافیق و گەواد و سۆزانی وێنادەكات. لە پشتی ئەم جۆرە قسەكردنەوە ستراتیژیەتی گەشەدان بەو دیدە سەلەفییە ئامادەیە، كە ھەڕەشەیەكی گەورەیە لەسەر ئاشتیی و ئارامیی كۆمەڵایەتیی و لەسەر بەھاكانی دراوسێیەتیی و بەدەم یەكەوەچوون و ھاریكاریی. ئەم پرۆژە دینییە پرۆژەی بەرھەمھێنانی ڕق و سوكایەتیكردنێكی بەردەوامی ئەم بەشی كۆمەڵگایە بەو بەشی تری. ھەڕەشەیەكی بنەڕەتییە لە لێكتێگەیشتنی دینیی و نادینیی و لێبوردەیی ئینسانەكان لەیەكتری. مەلا ھەڵۆ بەشێكە لە دیاردەیەكی گەورەتر، دیاردەی لەدایكبوونی ژمارەیەكی بەرچاو لە كەسانی دینیی بێئەدەب، یان بێئەدەبیەك كە بەناوی دینەوە ئامادەیە، ئەمانە تەنانەت سڵ لە پەلاماردنی ئەو دیندارانەش ناكەنەوە كە لەخۆیان ناچن، چ جای ئەوانەی لە دەرەوەی دیندا بیردەكەنەوە و دەژین.

یەكێك لە سێنتەرە سەرەكییەكانی فیكری مەلا ھەڵۆ و ھاوبیرەكانی ئیھانەكردن و سوكایەتییەكی بەردەوامە بە ژنان، نمایشكردنیانە وەك بوونەوەری ترسناك و نووقسان و شەرمھێن و حەیابەر. بچووكردنەوەی ژن و دابڕینی لەوەی بوونەوەرێكی خاوەن عەقڵ و بیركردنەوە و ئیرادە و خواست و ھەڵبژاردنی خۆی بێت، چەقی بیركردنەوەی ئەمانەیە بەرامبەر بە نیوەی كۆمەڵگا. لەبەر ئەم ھۆیانە ئێمە پێمانوایە ئەم جۆرە كەسایەتیی و ئەم جۆرە گوتارە، پێویستیان بە لێپرسینەوەی یاسایی ھەیە و نابێت ئەم فۆرمە لە بێئەدەبیی بگاتە ئەو ئاستەی سەرجەمی ئەو سنوورە سادانە ببەزێنێت كە دیالۆگ و ڕاگۆڕكێ و گفتگۆ لە كۆمەڵگایەكەدا مەیسەردەكەن، كە ھاریكاریی و بەدەمەوەچوونی كۆمەڵایەتیی پەكبخات.

لە كۆتایشدا جارێكی دیكە دەیڵێینەوە ئەوەی ئێمە داوای دەكەین زیادكردن و گەورەكردنی ڕووبەری سانسۆر نییە لە كۆمەڵگاكەدا، ھەروەھا دروستكردنی دۆخێك نییە بۆ گەشەكردنی سانسۆری ناوەكیی و خودیی. ئەوەی ئێمە بەرگریی لێدەكەین ڕێگرتنە لەو ئیھانە گەورانەی كەسانێكی بێئەدەب، لەپاڵ تێگەیشتنێكی خراپ و ترسناكدا بۆ دین، ئەنجامیئەدەن و بەمەش ڕێ لە سادەترین فۆرمەكانی ڕاگۆڕكێ و گفتوگۆ و ھاریكاریی كۆمەڵایەتیی، دەگرن.

كاتی ئەوە ھاتووە لێگەڕێن مرۆڤ ئیمان و دینداربوونی خۆی بەوجۆرە بژیی كە خۆی دەیەوێت، نەك مەلایەكی ێئەدەبی وەك مەلا ھەڵۆ بۆی دەستنیشانبكات دین چییە و دینداریی چ جۆرە پەیوەندییەكە.

مەریوان وریا قانع
ئاراس فەتاح
سارا عومەر- نووسەرو چالاكوانی بواری مافەكانی مرۆڤ
چۆمان هەردی
هۆشەنگ وەزیری
ئارام عەلی
سارا قادر
سەردار محەممەد
هیوا فایەق
كاوە محەممەد
هیوا قادر
ریبین هەردی
جەمال حسێن
شوان محەممەد
ئارام سەعید
خالید سلێمان
شوان حەمە
سیروان غەریب
زانكۆ ئەحمەد
فەرمان رەشاد
ئاسۆس هەردی
پەروا عەلی