عیراق و ئەڵمانیا پەرە بە پەیوەندییەكانی نێوانیان دەدەن

55 جار خوێندراوەتەوە کات05:22 بەروار24-01-2020
عیراق و ئەڵمانیا پەرە بە پەیوەندییەكانی نێوانیان دەدەن

راچڵەكین

هەردوو وڵاتی عیراق و ئەڵمانیا لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوانیان رێكدەكەون، سەرۆك كۆماری عیراقیش رایدەگەیەنێت، خوازاری پەیوەندی بەرهەمدارین لەگەڵ بەرلین لە سەرجەم بوارەكاندا.

سەرۆكایەتی كۆماری عیراق، لە راگەیاندراوێكدا، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی نێوان د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح و ئەنگێلا مێركل راوێكاری ئەڵمانیاو وەفدی یاوەریان ئاشكراكرد، كە لەداڤۆس بەڕێوەچوو.

لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە، هەردوولا جەختیان لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان عیارق و ئەڵمانیا كردەوە، بەجۆرێك كە رەچاوی بەرژەوەندی هاوبەش بكات.

سەرۆك كۆماری عیراق لەكۆبوونەوەكەدا، خواستی وڵاتەكەی نیشاندا بۆ بەستنی باشترین پەیوەندی بەرهەمدار لەگەڵ ئەڵمانیا، كە سەرجەم بوارەكان بگرێتەوەو لە خزمەت هاوڵاتیانی عیراقدا بێت.

د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح بە گرنگیشی زانی ئەڵمانیا هاوكارو هەماهەنگكار بێت لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی عیراق و كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتەش بەشدار بن لە پرۆژەكانی وەبەرهێنان.

راگەیاندراوەكەی سەرۆكایەتی كۆماری عیراق، ئاشكراشیكردووە، ئەنگێلا مێركل پاڵپشتی وڵاتەكەی بۆ پاراستنی سەقامگیری عیراق و رێزگرتن لە سەروەریی خاكەكەی نیشانداوەو راشیگەیاندووە، ئەڵمانیا خوازیاری بەستنی پەیوەندییەكی بەهێزە لەگەڵ عیراقدا.