دیداری ترەمپ و بارزانی

243 جار خوێندراوەتەوە کات10:03 بەروار28-01-2020
دیداری ترەمپ و بارزانی

هەرچەندە لە خولەكانی پێشووتری سەرۆكایەتی ئەمریكا و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستاندا چەند جارێك دیداری لووتكە هەبووە، هەڵە نەبم پێنج بۆ شەش جار بارزانی لە كۆشكی سپی لە سەردەمی سەرۆكایەتیی (بوش و ئۆباما) وەك سەرۆكی دەوڵەتێك پێشوازی لێكرا كە هەر دیدارە و بۆ هەلومەرج و قۆناغی ئەوكاتی پەیوەندیی دیبلۆماسی كوردی و باڵاكردنی كوردستان، بایەخ و گرنگیی خۆی هەبووە، بەڵام دیداری ئەمجارەی (ترەمپ و نێچیرڤان بارزانی) كوردستان دەباتە قۆناغێكی ترەوە.
 
ئەوەی ئەم دیداری لووتكەیەی نێوان ئەمریكا و كوردستان لە دیدارەكانی پێشووتر جیادەكاتەوە، تەنیا هەر ئەوە نییە كە پرۆتۆكۆلی كۆشكی سپی شانبەشانی ئاڵای ئەمریكا ئاڵای كوردستانیان داناوە، هەروەها بە تەنیا ئەوەش نییە كە لە بڵاوكردنەوەی هەواڵی دیدارەكەدا راگەیێندراوی كۆشكی سپی لە ناوهێنانی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا دەستەواژەی هەرێمیان لابردووە و وەك سەرۆكی كوردستان ناویان بردووە. ئەوانە ئاماژەی گرنگن و پێویستە كورد بیانكات بە سەرمایەی زیاتر بردنەپێشەوەی دۆزە رەواكەی، بەڵام دووریش نییە ئەوانە كارتی گوشاری ئەمریكا بن بەرانبەر بە عێراق، بەتایبەتیش كە ماڵپەڕی یوتیوبی كۆشكی سپی هەواڵی كۆبوونەوەی نێوان ترەمپ و بەرهەم ساڵحی بە كۆبوونەوەی نێوان ترەمپ و سەرۆك كۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاوكردەوە. ناكرێت ئەوە وەك هەڵەی تایپ تەماشا بكرێت. دەشێ‌ ئەوانەش بەشێك بن لە شێوازی تازەی ململانێ‌ و كارتەكانی ئەمریكا. بۆیە ئەگەر بایەخی ئەو دیدارە تەنیا لەوانەدا كورت بكرێنەوە، ئەگەری زۆرە هەموو ئەوانە وەك كارتێك بەكاربرابن. 
 
بایەخی دیدارەكەی بارزانی و ترەمپ پەیوەندی بە هەلومەرجی ئێستای ناوچەكە و رەوشی كوردەوە هەیە لە ئاستی هەرێمایەتی و بەتایبەتیش لە عێراق. كورد لە سێ‌ ساڵی رابردوودا لەبەردەم هەڕەشە و موئامەرەی گەورەی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیدا بوو. داگیركردنی كەركووك و عەفرین، پەلامارەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوا، كشانەوە و جێهێشتنی كورد لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرێتی كانتۆنەكان، هەڕەشەكانی تاران بۆ سەر هەولێر، هەڕەشەی توركیا بۆ شەنگال و بۆ قەندیل. گوشارەكانی بەغدا بۆ گۆشەگیركردنی هەرێمی كوردستان و ترسی گۆڕینی دەستوور و نەهێشتنی سیستەمی فیدراڵی، مەترسی و پلانی هاوبەشی هەرێمایەتی (عێراق ئێران توركیا) بۆ پەلاماردانی پەكەكە. ئەمانە و زۆر مەترسی تریش وەك پێشهاتێكی چاوەڕوانكراوی حەتمی لەبەردەم نەتەوەی كورد بوون كە لە ئایندەی نزیكدا رووبدەن. 
 
بەڵام كشانەوەی ئەمریكا لە رۆژئاوای كوردستان و لێدوانە یەك لەدوای یەكەكانی ترەمپ بە ئاماژەی پشتكردنە هاوپەیمانەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رەخنەگرتن لەو سیاسەتانەی رابردووی ئەمریكا لە ناردنی هێز و ئامادەگی لە وڵاتانی ناوچەكە، هەروەها هاتنە ناوەوەی زیاتری رووسیا بەتایبەتیش نزیكبوونەوەی لە كەنداو، لێكەوتەكانی لەناوخۆی ئەمریكا بەجۆرێك بوون، ئەمریكای خستە بەردەم بژارەی گۆڕینی ئاراستەی ململانێكانی لەگەڵ ئێران. بەمەش هاوكێشەكانی ناوچەكە بەگشتی و بەتایبەتیش لە عێراق گۆڕانكاریی گەورەیان بەسەردا دێت. دەرفەت و هەلی تازە دەخاتە بەردەم كورد كە كوردستان لە مەترسی دووربخاتەوە و بیخاتەوە سەر رێی هەستانەوە.
ئەم دیدارە دەكرێت ببێتە دەستپێكی ئەو هەستانەوەیە. بەتایبەت كە سیاسەتەكانی ترەمپ وەك بڕیاربەدەستێك پابەند نەبووە بە ستراتیژی وڵاتەكەیەوە، مەترسی ئەوە هەبوو كە جۆرێك لە بەرژەوەندی لەگەڵا وڵاتانی تەرەف لە كێشەی كورد، وابكەوێتەوە كە ئەمریكا زیاتر دووربخاتەوە و كورد وەك نێچیرێك لەبەردەم نەیارەكانی جێبهێڵێت. بۆیە نزیكبوونەوە لە خودی ترەمپ بەتەنیا بە ئەندازەی نزیكبوون لە ستراتیژی ئەمریكا گرنگە. 
 
نێچیرڤان بارزانی لەم رووەوە ئەزموونی كاركردنی رابردووی سەلماندوویەتی كە توانای دروستكردن و بەردەوامیدانی ئەو جۆرە پەیوەندیانەی هەیە. لەو چركەساتانەوە كە توركیا كوردی باشوور وەك هەڕەشە لەسەر ستراتیجی خۆی دەبینێ، گۆڕینی ئەم تێڕوانین و دونیابینییە بۆ هاوبەشیكردن و كردنەوەی دەرگا بۆ بەستنەوەی وزەی كوردستان بە جیهانەوە، پەرجوویەكی گەورە بوو لە ناوچەكە و كەس ناتوانێ‌ نكوڵی لەوە بكات كە نێچیرڤان بارزانی ئەندازیارەكەی بوو. بۆیە دەكرێت دیداری یەكەمی لوتكەی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكای سەردەمی نێچیرڤان و ترەمپ، ئەو وتە و دەستەواژانەی لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی نێوانیان بەكاربران، هەروەها داوەتكردنی فەرمیی جارێكی تری بارزانی بۆ كۆشكی سپی، دەستپێكی گۆڕینی تێڕوانین و دونیابینی سیاسی ترەمپ بێت بەرانبەر بە كورد و كێشەكەی لەناوچەكە. بەتایبەتیش دوای ئەوەی لە ساڵی رابردوو چەند جارێك لە ناوهێنانی كورد و خستنەڕووی جۆر و چۆنێتی چارەسەری كێشەكەی، هەڵوێست و تێگەیشتنەكانی نائومێدكەر بوون بۆ كورد.
 
سیاسەتی ترەمپ لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی وزە بنیاتنراوە. كوردستان خاوەن سەرچاوەیەكی ستراتیژیی گەورەی وزەیە لە ناوچەكە و كارێكی باش كراوە كە هێشتا ستراتیژی ئەم كەرتە لە دەستی كورد خۆیدا هێشتراوەتەوە و نەخراوەتە دەستی بەغدا. بەتایبەتیش كە ئێستا لە رۆژئاوای كوردستانیش خەریكە هێزە كوردییەكان هەژموونیان بەسەر ناوچە نەوتییەكاندا دەچەسپێت، ئەمە لە دوورمەودادا كورد وەك هێزێكی كاریگەر لە هاوكێشەكانی ناوچەكە دەهێڵێتەوە. دەكرێت هەرێمی كوردستان ستراتیژی پەیوەندییەكانی لەگەڵ زلهێزەكان لەسەر ئەم بنەمایە بنیات بنێت. 
 
ئەوەی پەیوەندی بە هەلومەرجی كاتی و ململانێكانی ئێستای نێوان ئەمریكا و ئێرانیشەوەیە، كوردستان دەتوانێت ئەمەش بە قازانجی بەهێزكردنی زیاتری پێگەی خۆی بەكاربەرێت. بەتایبەتی بەهۆی ئەو واقیعەی ئێستای عێراقەوە كە گیرۆدەی دۆخێك بووە ناتوانێ‌ هیچ هەنگاو و بڕیارێكی یەكلاكەرەوە بنێت لە ململانێكانی ئەمریكا و ئێراندا. بە دڵ لەگەڵ ئێرانە و دەخوازێت ئەمریكا بكاتە دەرەوە، بەڵام لەلایەك سەرچاوە داراییەكەی و لەلایەكی تریشەوە سەقامگیری و ئاسایشی ناوخۆیی بەستراوە بە ئەمریكاوە. ئێران گوشاری دەخاتە سەر، هێزە شیعییەكان فشار دەكەن بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا، هەلومەرجی عێراق و ناوچەكەش بەجۆرێكە كە ئەمریكا بەهیچ جۆرێك عێراق جێناهێڵێت. 
 
تازەترین لێدوانی عادل عەبدولمەهدی كە دەڵێ پێویستە حكومەتی داهاتوو دیاریكردنی میكانیزمی چوونە دەرەوەی هێزە بیانییەكان بگرێتە ئەستۆ، ئاماژەی ئەوەیە عێراقیش بەدوای دەروازەیەكدا دەگەڕێت خۆی لەو قەیرانە رزگار بكات. كەواتا بۆ ئەوەی عێراق لەژێر گوشاری ناوخۆیی و ئێرانی رزگاری بێت و بۆ ئەوەی ئەمریكاش عێراق جێنەهێڵێت، دەكرێت هەرێمی كوردستان ئەو قەناعەتە لای بەرپرسە عێراقییەكان دروستبكات كە رێگای دروست ئەوەیە ئەمریكا لە كوردستان بێت. لەڕووی واقیعییەوە ئەمریكا هەرێمی كوردستان وەك گۆڕەپانێكی خۆی دەبینێ. رۆڵی لە دروستكردن و لە پاراستنیدا هەبووە و ئەو شەرعیەتەی پێداوە كە بەجۆرێكی جیاواز لە عێراق مامەڵەی لەگەڵ بكات، بەغدا و تارانیش ئەم راستیە دەزانن. 
 
هەرچەندە ئەمە ریسكێكە بێ‌ مەترسی نابێت، بەڵام ئەزموون بۆی سەلماندووین كە ئەگەر ئەمەش نەكەین، بەمانای ئەوە نایەت سەلامەت دەبین. بەپێچەوانەوە مانەوەمان پەیوەندی بە ئامادەگیی هێزەكانی ئەمریكاوە بووە لە ناوچەكە. لە ئەگەری دەستپێكردنی گفتوگۆ و رێككەوتنی تاران واشنتن، كوردستان بەهۆی پێگە و هێزی ئەمریكاوە پێگەی بەهێزتر دەبێت. لە ئەگەری شكستی هەوڵە نێوەندگیرییەكان و قوڵبوونەوەی ناكۆكییەكانیشیاندا ئەمریكا ناچارە پێگە و بنكە سەربازییەكانی خۆی بەهێزتر بكات كە ئەمەش بەدیوێكی تردا هەر بەمانای پاراستنی كوردستان دێت.