"ته‌نها 90 خوله‌كت له‌به‌ر ده‌ستدایه‌ ووهان جێبهێڵیت"چیرۆكێكی سه‌رسوڕهێنه‌ر له‌سه‌ر ڕاكردن له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا

7632 جار خوێندراوەتەوە کات06:08 بەروار02-02-2020

ڕاچڵه‌كین-
هاوڵاتییه‌كی به‌ریتانی ڕۆژی ده‌رچوونی له‌ شاری ووهان ده‌گێڕێته‌وه‌ پێش ئه‌وه‌ی‌ خۆی و هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ به‌ سه‌لامه‌تی بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ به‌ریتانیا.

به‌رپرسانی چین له‌ مانگی یه‌كه‌وه‌ به‌ ته‌واوه‌تی سنوره‌كانی شاری ووهان یان داخستووه‌ و مه‌به‌ستیان بڵاونه‌بوونه‌وه‌ی‌ ڤایرۆسی ووهانه‌ له‌ وڵاته‌كه‌ و ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ ووهان به‌ ته‌واوه‌تی له‌ جیهان داببڕێت.

ئه‌م دۆخه‌ی‌ ئێستای شاریی ووهان كاریكردۆته‌ سه‌ر ئه‌و بیانیانه‌ی‌ له‌ شاره‌كه‌دان و گه‌شته‌ ئاسمانیه‌كان بۆ ئه‌م شاره‌ له‌ ته‌واوی جیهانه‌وه‌ بۆ ووهان و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ وه‌ستێنراوه‌.

جیمس كونفی هاوڵاتییه‌كی به‌ریتانییه‌ له‌ لێدوانێكی تایبه‌تی بۆ پێگه‌ی‌ "سكای نیوز" باس له‌وه‌ ده‌كات دوای گه‌شته‌ 90 خوله‌كیه‌كه‌ی‌ و گه‌یشتنی به‌ به‌ریتانیا هه‌ست به‌ دڵنیایی ده‌كات.

به‌ریتانیا هاوڵاتیانی خۆی له‌ شاری ووهان ی چینی ئاگاداركردوه‌ كه‌ ماوه‌ی‌ یه‌ك كاتژمێر و نیویان له‌به‌رده‌ستدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ وڵاته‌كه‌یان و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش حكومه‌تی به‌ریتانیا فڕۆكه‌ی‌ سه‌ربازی تایبه‌ت به‌ وڵاته‌كه‌ی‌ ناردوه‌ به‌دوای هاوڵاتیه‌كانی له‌شاری ووهان.

ئه‌م هاوڵاتیایه‌ به‌ریتانیه‌ ده‌ڵێت" به‌ربه‌ستی زۆر هه‌بوو بۆ من و هاوسه‌ره‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌مه‌ فڕۆكه‌خانه‌ چونكه‌ هیچ هۆكارێكی گواستنه‌وه‌ نه‌بووه‌ به‌ڵام خه‌زورم له‌ڕێی په‌یوه‌ندیه‌كانیه‌وه‌ توانیویه‌تی ده‌رگایه‌ك بۆ ده‌رچوون له‌و شاره‌ بۆ من و هاوسه‌ره‌كه‌م بكاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بگه‌ینه‌ فڕۆكه‌خانه‌"

جگه‌ له‌ هۆكاره‌كانی گواستنه‌وه‌ ئه‌م دوو هاوسه‌ره‌ گرفتێكی دیكه‌ هاتۆته‌ پێشه‌وه‌ بۆیان ئه‌ویش  ئافره‌ته‌كه‌ ڕه‌گه‌زنامه‌ی‌ چینی هه‌بووه‌ و جیمس به‌ ماندوبونێكی زۆر له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی فڕۆكه‌كه‌ توانیویه‌تی ڕازیان بكات هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ خۆی بباته‌وه‌ بۆ به‌ریتانیا.

ئه‌م فڕۆكه‌یه‌ 83 هاوڵاتی به‌ریتانی بردۆته‌وه‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌ك له‌ناوچه‌ی‌ "مرزیساید" كه‌ به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌م هاوڵاتیانه‌ دروستكراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ماوه‌ی‌ 14 ڕۆژ تیایدا بمێننه‌وه‌ نه‌وه‌ك هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌ بن.

كونفی و هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك به‌ر له‌ ئێستا گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ شاری ووهان به‌ مه‌به‌ستی ئاهه‌نگه‌كانی ساڵی چینی نوێ به‌ڵام به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ ماوه‌ی‌ چه‌ند ڕۆژێك له‌ شوقه‌كه‌یاندا ماونه‌ته‌وه‌ و ترسیان هه‌بووه‌ نه‌یانتوانیوه‌ شوقه‌كه‌یان جێبهێڵن به‌هۆی ئه‌وه‌ی‌ ژماره‌یه‌ك له‌ هاوڵاتی له‌ نزیك ئه‌وان به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.