رێككەوتنێكی نێوان عیراق و روسیا جێبەجێ دەكرێت

450 جار خوێندراوەتەوە کات07:09 بەروار04-02-2020
رێككەوتنێكی نێوان عیراق و روسیا جێبەجێ دەكرێت

راچڵەكین

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، رەزامەندی لەسەر رێككەوتنی وشكانی لەگەڵ روسیا نیشان دەدات و بەگوێرەی رێككەوتنەكەش، هاتوچۆی هاوڵاتیان و كەلوپەل لەنێوان هەردوو وڵات بەرێگای وشكانی دەستپێدەكات.

عەبدوڵڵا لعێبی، وەزیری گواشتنەوەو گەیاندنی عیراق، لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرایكردووە، ئەمڕۆ 4-2-2020 ئەنجومەنی وەزیران لە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، رەزامەندی لەسەر جێبەجێكردنی رێككەوتنی وشكانی لەگەڵ روسیا نیشاندا.

وتیشی: ئامانج لەو رێككەوتنە، بۆ بەهێزكردن و پتەوكردنی پەیوەندییەكانە لەگەڵ روسیای فیدراڵ و كردنەوەی رێگایەكی وشكانیی نێودەوڵەتییە، بۆ هاتوچۆكردنی هاوڵاتیان و گواستنەوەی كەلوپەلە لەنێوان هەردوو وڵاتدا.

حكومەتی روسیا لەچوارچێوەی هەوڵەكانی بۆ گەیشتنە بازاڕی عیراق، چەندین دەستپێشخەری بۆ كاری هاوبەش ئاراستەی حكومەتی بەغدا كردووە، گرنگترین ئەو دەستپێشخەرییانەش، هەڵگرتنی ڤیزایە لەنێوان هەردوو وڵات، كە تائێستا حكومەتی عیراق رەزامەندی لەسەر نەداوە.