نامەیەک بۆ توشبوانی شێرپەنجە

35 جار خوێندراوەتەوە کات10:01 بەروار04-02-2020
نامەیەک بۆ توشبوانی شێرپەنجە

ڕاچڵه‌كین-

(کینجی میازاوا) کە شاعیرێکی ژاپۆنی یە دەڵێت ( ئێمە پێویستە ئازارەکانمان ھەڵگرین و وەک سووتەمەنی بەکاری بێنین بۆ تەواوکردنی گەشتەکەمان لە ژیان ) .

واتە مەرج نیە کەئازارمان دەبێت ھەر بیر لە ڕووە نەگەتیڤەکانی بکەینەوە ، بەڵکو دەبێت ڕووە پۆزەتیڤەکانیشی لەبەر چاو بگرین ، دەبێت بزانین ئازار زەنگی بەرگرییە کە جەستەت بە ھۆیەوە ئاگادارت دەکاتەوە کە شتێکی ھەڵە لە لەشتدا ڕووده‌دات.

بە داخەوە لە نەخۆشی شێرپەنجەدا ئەم زەنگە دڕەنگ لێدەدات، ھەندێک جار ھەستی پێناکرێت ھەتا نەخۆشییەکە بە تەواوەتی بڵاو دەبێتەوەو دەگاتە قۆناغێکی پێش کەووتوو .

ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە شێرپەنجە یەکێکە لە ھەرە نەخۆشیە ترسناکەکانی ئەم سەردەمە، یەکێکە لەو نەخۆشیانەی کەتەنیا بە ناوبردنی، ئازاری دەروونی دروست دەبێت بۆ نەخۆشەکە پێش ئازاری جەستەیی .

بۆیە گرنگی پێدان بەلایەنی دەروونی ئەم جۆرە نەخۆشانەو بەرزکردنەوەی وورەیان کاریگەرییەکی زۆری ھەیە لەسەر باری دەروونی و ھەم کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشیەکە خۆی ، چونکێ ھەتا ئارامتر و وورەیان بەرزتر بێت ئەوا کۆئەندامی بەرگریان چالاک تر دەبێت بۆ بەڕەنگاربوونەوەی شێر پەنجە .

بەھۆی پسپۆڕییەکەمەوە کە ئازار شکاندنە، زۆربەی ئەو نەخۆشانەی ڕۆژانە دێنە لام لە قۆناغێکی پێشکەووتووی ئەم نەخۆشیەدان و بە ئازارێکی زۆر زۆرەوە دەناڵێنن کە ھەم نەخۆشەکە دەخاتە بارێکی سەخت و بێتاقەتی وشەونخونی یەوە و ھەم خێزانەکەش بێزار و نائارام دەکات .

بۆیە لێرەدا ڕووی دەمم دەکەمە ئەو خێزانە بەڕێزانەی کە یەکێک لەئەندامەکانیان ئەم جۆرە نەخۆشییەیان ھەیە و نائاسودەو نائارام و بێزارن بەھۆیەوە، بەڕێزەکان دڵنیا بن چەند چارەسەری شێرپەنجەکە گرنگە ئیتر ئایا چارەسەری کیمیاوی بێت یاخود چارەسەر بە تیشک یاخود چارەسەر بەھەرشێوەیەکی تر ، ئەوا باری دەروونی و ئارامی و وورەی نەخۆشەکەش ھێندە گرنگە ، بۆیە تا دەتوانن ئارام و بەسەبر و خۆڕاگر بن لەگەڵ نەخۆشەکانتان دا .

بە ھەمان شێوە دەمەوێت بەو نەخۆشەیی شێرپەنجەیی ھەیەو پێوەی دەناڵێنێت بڵێم : ڕاستە شێرپەنجە بڕیاری ھەڵکردنی جەنگێکی داوە لە جەستەی تۆدا ، بەڵام تەنیا تۆی ، وورەو ئازایەتی تۆیە دەتوانێت کۆتایی بێنێت بەو جەنگەو و ئاشتی بەرقەرار کات .

دڵنیابە شێرپەنجە لەوانەیە بتوانێت چالاکیەکانت کەم کاتەوە ، لە جێگادا بتخات ، ئازارەکانت زیاد کات، بەڵام ھەرگیز ناتوانێت دەست بۆ فکر و بیرت بەرێت ، ناتوانێت خۆی لە دڵت نزیکاتەوە ، ناتوانێت ڕۆحت بکوژێت .

بۆیە بەھێز بە ، ئەوە تۆیت بڕیار دەدەیت ببیت بە قوربانییەک بۆ شێرپەنجە ، یاخود سەرکەووتویەک بەسەر شێرپەنجەدا ، ھەمیشە ووتەکەی( فریدریک نیچە) ت لە یاد بێت : ( ئەوەی نامانکوژێت بەھێزترمان دەکات ) . ژیانکردن لەگەڵ شێرپەنجەدا شتێکی قورس و زەحمەت و ئازار بەخشە بەڵام ئاستەمیش نیە ، ھەروەک دەڵێن (خۆراک بدە بە باوەڕەکانت ، ترسەکانت تا ماوە بە ڕۆژوو دەبن ) ، باوەڕو متمانەت بە خۆت بێت ، ترسەکانت باڵدەگرن و دووردەکەونەوە .

ئێمە لەوانەیە نەتوانین ئاراستەی ڕەشەباکان بگۆڕین ، بەڵام بێگومان دەتوانین چارۆکەی کەشتیەکانمان بگونجێنین لەگەڵ ئاراستەی بایەکاندا ، ھەر بەو شێوەیەش دەتوانین خۆمان بگونجێنین لەگەڵ ئازار و نەخۆشیەکانماندا .

ئینگرید بیرگمان کە ئەکتەرێکی ئافرەتی سویدی بوو و یەکێک بوو لە ئەکتەرە ھەرە بەناوبانگەکانی ھۆلیوود کەتووشی شێرپەنجەی مەمک بوو و لەکۆتایشدا لەتەمەنی ٦٧ ساڵیدا ژیانی لە دەست دا بەھۆیەوە ، ھەمیشە دەیگووت : ( من دەزانم ساتەکانی ژیانم ڕۆژ بە ڕۆژ کورت دەبنەوە ، بەڵام ھەر ڕۆژێکی تازە لە ژیانم تێدەپەڕێت دەزانم سەرکەوتنێکی تازەم بەسەر شێرپەنجەدا تۆمار کردووە ، بۆیە خۆشحاڵم . )

لەکۆتایدا دەمەوێت بڵێم : پەندێکی ئێرلەندی ھەیە دەڵێت : ( ھیوا تەنیا پزیشکی ھەموو دەردەسەری و ناخۆشیەکانە ) ، بۆیە ھەرگیز بێھیوا مەبە ، مرۆڤ تەنیا یەکجار دەژی و یەکجاریش دەمرێت .

د. ھەڤین کمال شاە محمد
پزیشكی پسپۆڕی ئازار و به‌نج