راچڵەكین
پەرلەمانتارێكی پارتی، هەڵوێستی حزبەكەی لە بەرامبەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق ئاشكرا دەكات و راشیدەگەیەنێت، لایەنە كوردستانییەكانیش هاوشێوەی شیعە، مەرجەكانیان بەسەر سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو دەسەپێنن و پۆستی گرنگیشمان لە حكومەت دەوێت.
عیماد باجەلان ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكرات لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا وتی: لەكاتی دانوستان لەسەر پَكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق بە سەرۆكایەتی محەمەد عەلاوی، لایەنە كوردستانییەكان داوای پۆستی گرنگی وەزاری دەكەن.
ئاماژەی بەوەشكرد، كورد لە پێگەیەكی بەهێزەوە دانوستان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو دەكات و مەرجەكانی خۆیان بەسەریدا دەسەپێنن.
پەرلەمانتارەكەی پارتی راشیگەیاند، روانینی كورد بۆ دۆخەكە لەوە گەورەترە كە ململانێ لەسەر پۆستێك بكات كە بۆ ماوەی یەك ساڵە، جەختی لەوەشكردەوە كە ئەوان لەكاتی دانوستان لەگەڵ عەلاوی، كەسایەتییەكانیان بۆ وەرگرتنی پۆستە وەزارییەكان دەسەپێنن.
محەمەد تۆفیق عەلاوی كە لەلایەن سەرۆك كۆماری عیراقەوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت راسپێردرا، هەوڵەكانی لەگەڵ لایەنەكان دەستپێكردووە بەمەبەستی تەواوكردنی كابینە وەزارییەكەی، بڕیاریشە بۆ هەمان مەبەست، سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و لەگەڵ سەركردەی لایەنە كوردستانییەكان كۆببێتەوە.