راچڵەكین ـ
لە قەزای دوكان هەڵمەتی بڕینی كارەبای زیادەڕۆ دەستیپێكرد. قائیمقامی قەزاكەش داوا لە هاووڵاتیان دەكات، هاوكاریان بن بۆ ئەوەی بتوانن گرفتی كارەبا لەناوچەكەدا چارەسەر بكەن و بڕی كارەباش زیاد بكەن.
سیروان سەرحەد، قائیمقامی قەزای دوكان بە(راچڵەكین)ی راگەیاند" ئەمڕۆ چوارشەممە 5-2-2020، قائیمقامیەتی قەزای دوكان بەهاوكاری بەرێوەبەرایەتی كارەبا سلێمانی و دوكان و دەزگا پەیوەندیدارەكان هەڵمەتی بڕینی كارەبای زیادەڕۆیان لەشوێنە گشتییەكان و ماڵی هاووڵاتیان دەستپێكرد".
وتیشی:" هەر شوێنێك یان هاووڵاتییەك زیادەڕۆیی كردبێت ئاگادار دەكرێتەوە بەڵام، ئەگەر دووبارەی كردەوە ئەوا غرامە دەكرێت و كارەباكەشی دەبڕدرێت".
قائیمقامی قەزای دوكان داواشی لە هاووڵاتیان كرد، هاوكاریان بن بۆ ئەوەی بتوانن زیادەڕۆكان نەهێڵن و گرفتی كارەبا لەناوچەكەدا چارەسەر بكەن و بڕی كارەباش زیاد بكەن.